بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە ، بەهۆى دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد، وەزارەتی گواستنەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەسەرۆکایەتی "حازم رازی" بریکاری وەزارەتی گواستنەوە پێکهێناو و تیایدا ژمارەیەک بەرپرسى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانی عێراق لەکارەکانیان دوورخرانەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
وەزارەتی گواستنەوە لە بەیاننامەکەیدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- لیژنەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق بۆ زانینى هۆکارى دواکەوتنى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد لە رۆژى 31ـى 8ـى 2024، لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەیان بەوەکردووە، بۆ گرەنتیکردنى پاکى لێکۆڵینەوەکان و کاریگەریى دروستنەکردن لەسەر رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان، داوادەکەن ژمارەیەک بەرپرسى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق تاوەکو کۆتایى هاتنى لێکۆڵینەوەکان کە ماوەکەى لە 60 رۆژ تێناپەڕێت، دووربخرێنەوە.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە :- بەگوێرەى نووسراوەکە، ژمارەی بەرپرسە دوورخراوەکان بریتین لە 6 کەسن و یەکێک لەوانەش "مەناف عەبدولمونعم" بەڕێوەبەرى گشتی کۆمپانیاى گشتی هێڵى ئاسمانیى عێراقە بە وەکالەت.
بەگوێرەی بەیاننامەکە :- لە نووسراوەکەدا داواشکراوە هەریەک لە "موستەفا شامل ئەحمەد " بەڕێوەبەرانى بەشی بازرگانى و "ئەیهاب سەعید کەریم " بەڕێوەبەری بەشی پرۆسەکانى فڕۆکەوانى و "سەیف شامل عەبدولرەحیم " بەرێوەبەری بەشی هونەرى و " حوسام مەجید مانع " بەرپرسى ئیدارەدانى بازرگانى/ بەشى بازرگانى و " ئەحمەد فازل عەباس " بەرپرسى ئیدارەدانى جوڵەى فڕۆکەوانى/ بەشى جوڵەى فڕۆکەوانى" لەسەر هەمان پرس لەکارەکانیان لاببرێن.
هەر بەگوێرەى بەیاننامەکە:- لە نوسراوەکەدا هاتووە :- کە وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن رەزامەندیداوە بە لەسەرکارلابردنى ئەو بەرپرسانە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت.