بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری گواستنەوە ڕەزاق محیبس سەعداوی، لە شاری ئیستەنبوڵی توركیاوە ڕایگەیاند: پڕۆسەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە ناوەڕاستی ساڵی 2025 دەستپێدەكات.
سەعداوی لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا توركییەكەی لە پەراوێزی كۆبوونەوەی چوار قۆڵی كە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو و ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری چوارقۆڵیمان ئەنجامدا، لە چوارچێوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وڵاتانی عێراق، توركیا، قەتەر و ئیمارات، لە شاری ئەستەنبوڵ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەكە.
هەروەها سوپاسی وەزارەتی گواستنەوەی توركیای كرد كە میوانداری یەكەمین كۆبوونەوەی وەزاری چوار قۆڵییان كرد لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، و وتیشی: ئەم كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی چالاككردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی وڵاتانی ئەندام دێت كە لە كاتی سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا واژۆكراوە و تێیدا چەند بابەتێكی وەك دابەشكردنی بەرپرسیارێتییەكان و ڕێكخستنی میكانیزمی كار لە پڕۆژەكەدا تاوتوێ كرا.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕێگاكانی تەواوكردنی بڕگەكانی یاداشتی لێكتێگەیشتنی چوار قۆڵی كرا، كە گرنگترینیان بریتییە: لە دامەزراندنی قەوارەیەكی هەماهەنگی، كە سێ ئاست لێیەوە سەرهەڵدەدەن، یەكەم وەزاری (چوار وەزیرەكە)، دووەم هەماهەنگی ( بەڕێوەبەرە گشتیەكان)، و سێیەم جێبەجێكار (شارەزا و تەكنیكاران)، و وتیشی: رێككەوتن كرا كە كۆبوونەوەی داهاتوو لە بەغدا بێت، لە دوو مانگی تردا.
ڕاشیگەیاند: كاركردن بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی ڕێگای گەشەپێدان بە باشی بەڕێوەدەچێت، بە پاڵپشتییەكی زۆری حكومەتەكەمان، كە چاوی لە ئابوورییەكی بەهێز و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتە، بۆ خزمەتكردنی عێراق و ناوچەكە و جیهان، و وتیشی: قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت، دوای تەواوبوونی قۆناغی دیزاینی وردی پڕۆژەكە.
لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی توركیا عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پڕۆژەی گەشەپێدانی ڕێگاوبان و بازرگانی دەرەكی، و كەرتی گواستنەوە بۆ وڵاتانی كوتلەی چوارقۆڵی كرا، و جەختیشیكردەوە: پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە بەندەری گەورەی فاو لە شاری بەسرەی عێراق دەستپێدەكات و بە ڕێگەی ڕێگاوبان و شەمەندەفەر دەگاتە لەندەن.