بەغدا-INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە"حەیدەر حەنون" سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵ ڕایگەیاند:-کە وەزارەتی ناوخۆ هۆکاری سەلامەتییە بۆ هاووڵاتیان و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی یاساکان.
دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە :- ئەمڕۆ "حەیدەر حەنون" سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پێشوازی لە "عەبدولئەمیر شەمەری " وەزیری ناوخۆ کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :-"حەنون" جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی دژە گەندەڵی تاکەکەسی نین یان تایبەت نین بە تەنیا بۆ دامەزراوەیەک،بەڵکو ئەو هەوڵانە لە ئەنجامی کردەوەی دەستەجەمعین و بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن و وەزارەتی ناوخۆش نوکی ڕمەکەیە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "حەنون" ستایشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵی کرد بۆ ئەو هەوڵە گەورانەی کە دەیخاتە ڕوو بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، بەتایبەتی لە مەلەفی وەرگرتنەوەی ئەو کەسانەی کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا داواکراون.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە وەزیری ناوخۆ ، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دەستەی دەستپاکی لە هەموو لایەنەکانیدا دەربڕی لە هەوڵەکانی بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە چنگی گەندەڵکاران،هەروەك هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی خول و وۆرک شۆپ و سیمیناری پەروەردەیی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خولی بنەڕەتی بۆ ئەفسەرانی ناوخۆ.