ڕاوێژکارێکی سەرۆك وەزیران: عێراق 58 جۆر دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەرهەم دەهێنێت

ئابوری
  • 28-08-2024, 16:30
  • +A -A

    بەغدا-INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە"حەمودی لامی " ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت ڕایگەیاند:- کە گەشەپێدانی پیشەسازیی دەرمان لە ئەنجامی پاڵپشتی حکومەتە لەو کەرتە،هاوکات ئاماژە بە کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ناوەڕاستی ساڵی 2025 دەکات.
    "لامی"بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: لە سەرجەم کارگە نیشتمانییەکان هەنگاوێك دەستیپێکردوە بۆ تۆمارکردنی زۆرێک لە دەرمانی نوێ کە پێشتر لە بەرهەمی نیشتمانیدا تۆمار نەکرابوون، لەوانە تۆمارکردنی 24 دەرمانی نوێی پەستانی خوێن،هەروەها زیادکردنی بۆ   6 جۆری دەرمان بۆ چارەسەری پەستانی خوێن.
    لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک وەزیران وتی :- 28 دەرمانی نوێ بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە لە جۆری دوو زیادکراوە ، بەو پێیەی پێشتر تەنها دوو جۆر دەرمانی چارەسەری نەخۆشی شەکرە بەرهەم دەهات،جەختیشی لەوە کردەوە کە گەشەسەندنی پیشەسازی دەرمان لە ئەنجامی پاڵپشتی حکومەتە بۆ ئەم کەرتە.
    ووتیشی :- تۆمارکردنی دەرمان پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان هەیە،لەوانەش کەرەستەی سەرەتایی و بابەتە پێویستەکانی دیکە.
    "لامی " ئاشکراشیکرد:- کە هەموو جۆرە دەرمانێکی نەخۆشی درێژخایەن،وەک پەستانی خوێن و شەکرە و دژە زیندەیی،و هەروەها هەموو جۆرە دەرمانێکی ئازارشکێن و مەڵهەم و کرێم و دەرمانی کۆکە و هتد، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتووی 2025 بەردەست دەبێت.