ههولێرـ INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ خالید موسا ئەلحنێفات، وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردن کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی برەودان بە پەیوەندیی کشتوکاڵی نێوان هەرێم و وڵاتی ئوردن.
نووسینگهی ڕاگهیاندنی جێگری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهڕاگهیهندراوێكدا كهبۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی ناردووه، ڕاگهیاندووه" لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە ئهمڕۆ سێ شەممە، بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاوتوێی ئەو لێکتێگەیشتننامەیە کرا کە پێش چەند رۆژ لەنێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری کشتوکاڵدا و بە هەنگاوێکی پێویست دانرا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی کشتوکاڵی. لەمبارەیەوە جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەشی هەردوولادا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دواتریش هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. ئاماژەی بەوەشدا لە قۆناغی یەکەمدا ئەولەوییەتی هەرێم، پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە پیشەسازی خۆراک کرا و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا لەم ساڵانەی دواییدا هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە هەنگاوی باشی ناوە و لە پلانیشدایە کە زیاتر هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدرێت لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی گەشتوکاڵ کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە گرنگی پێ دەدرێت و ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزترکردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارە.