هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیادا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەكشەممە ( 25ی ئابی 2024) لە هەولێر بە ئامادەبوونی میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، جەختكرایەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ئەنجامەكەی رەنگدانەوەی تەواوی دەنگ و ئیرادەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران بۆچوونی خۆی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكان بۆ باڵیۆزی ئیتالیا روون كردەوە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.