هەولێر - INA
ئەمڕۆ یەكشەممە 8/25، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خالید موسا ئەلحنێفات وەزیری كشتوكاڵی شانشینی ئوردن كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریكاری و هەماهەنگی لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازیی خۆراك و بەبازاڕكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی لە نێوان هەردوولا كرا.
وەزیری كشتوكاڵی ئوردن، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵلای شای ئوردنی بە سەرۆكی حكومەت گەیاند و ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و ئوردن دا و ستایشی پێشكەوتن و ئاوەدانیی هەولێر و هەرێمی كوردستانی كرد.
سەرۆكی حكومەت سوپاس و پیزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ هاوكاری و پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵلا و حكومەت و گەلی ئوردن دەربڕی، كە لە قۆناخە جیاكاندا پشتگیریی هەرێمی كوردستانیان كردووە،ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە نیشان دا.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەت، یادداشتێكی لەیەكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن، لە بواری پەرەپێدانی هاریكاری و هەماهەنگیی كشتوكاڵی و پیشەسازیی خۆراك واژۆ كرا، كە بڕیارە لە هەنگاوی یەكەمدا، ئوردن هەندێك لە بەروبووم و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێم لەوانە پەتاتە، هاوردە بكات.