له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا نێچيرڤان بارزانى په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

ناوخۆ
  • 25-08-2024, 10:18
  • +A -A

    هه‌ولێر –INA

    نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا رایگه‌یاند له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێت.

    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی له‌ په‌یامێكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌" ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى (36) ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ 25ى ئاب تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغى ئه‌نفالدا، خه‌ڵكى سڤيل و ئاو و هه‌وا و خاك و سروشتى ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه. سڵاو‌ له‌ گيانى پاكى (182) هه‌زار ئه‌نفالكراوى كوردستان كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين گوندى بادينان، بوونه‌ قوربانيى تاوانه‌كانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق".

    هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى ناساندووه‌، بۆيه‌ دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ين له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێت".

    سه‌رۆكی هه‌رێم وتیشی "هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، به‌رهه‌مى گيانى پاك و خوێنى هه‌زاران شه‌هيد و فرمێسكى هه‌زاران دايكى جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كيمياباران و خه‌بات و قوربانيدانى كوردستانييانه‌‌، بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پارێزگارى و به‌رگرى لێ بكه‌ين. ده‌بێت وێڕاى هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان، نيشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێت".

    هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌ربگيرێت و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوويه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ين".

    له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا بارزانی  سوپاسی خه‌ڵكی هه‌ولێر كرد كه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ له‌ جێژنيكان به‌ هاناى لێقه‌وماوانى بادينانه‌وه‌ چوون وتیشی هه‌ڵوێستى نيشتمانييان هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه‌.