بارزانی :حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان

ناوخۆ
  • 25-08-2024, 10:00
  • +A -A

    هه‌ولێر   -INA

    مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند كه‌ حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات.

    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامی مسرور بارزانی ده‌ستی ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی  كه‌وتووه‌ ، تێیدا هاتووه‌" ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە، کە سی و شەش ساڵ لەمەوبەر، لە دوا قۆناغی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، ڕژێمی بەعس، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی دەڤەری بادینانی شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی ئەو ناوچەیەشی وێران کرد، کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس".

    هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌یشدا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە قێزەونانە، قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو، بەڵام تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژیيانە، نەیانتوانی ئیرادە و خواستی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەناوببەن".

    سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی له‌ په‌یامه‌كدا ، كه‌  داوای له‌ حکومەتی فیدراڵ كرد كه‌ ، ئەرکی یاسایی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە".بارزانی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت و هەرچی لە تواناشیدا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان درێخی ناکات".

    له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی وتی: "سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدانی کوردستان".