سلێمانی-INAئەمرۆ یەک شەممە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران،سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە ئەنجام دەدات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،لەڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:-
ئەمرۆ یەکشەممە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران،سەردانی قەزای سەیدسادقی کرد و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری قەزاکە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- لە کۆبوونەوەیەکدا ، کە بە ئامادەبوونی" رەزا محەمەد" قایمقامی قەزای سەید سادق بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران لە کەموکوڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و کێشە خزمەتگوزارییەکانی کۆڵییەوە، و دوای گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان، بڕیاردرا لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکەن.
لەبارەی کێشە خزمەتگوزارییەکانیش، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری درا لە ماوەیەکی نزیکدا، هەروەها بڕیار لە دروستکردنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە قەزاکە درا.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :- لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا،جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری قەزای سەیدسادق کرد، هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن بۆ راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان و رایگەیاند رەزامەندی هاوڵاتییان مەرجی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەڕێوەبەرێک لە پۆستەکەیدا و هەر کاتێک هەست بکرێت هاوڵاتییان لە ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەک رازی نین، گۆڕانکاری پێویست دەکرێت.