بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی دەكات بە بۆنەی رۆژی لە دایكبونی و ستایشی هەڵوێستە مێژووییە شەرافەتمەندەكانی پارتیش دەكات لە بەرامبەر پرسە نیشتمانی و چارەنوسازەكان لە وڵات و ناوچەكە.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بە هەموو واتاكانی شكۆو شانازییەوە، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی پێشكەشی رێزدار مەسعود بارزانی كرد، بەبۆنەی رۆژی لە دایكبونی و هیوای بۆ فەخامەتی خواست تەمەن درێژو لە سەركەوتنی بەردەوام دابێت لەم رۆژە پیرۆزەدا، كە هاوكاتی (78)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە(16) ی مانگی ئابی ساڵی 1946.
هەروەها شاخەوان عەبدوڵا پیرۆزبایی لە تێكۆشەران و سەركردەكان لە مەكتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی و سەرجەم ئەندامان و جەماوەری پارتی و پێشمەرگەو گەلی كوردستان كرد بۆ ئەم دوو بۆنە پیرۆزە.
شاخەوان عەبدوڵا، لە بەیاننامەكەدا، بە شكۆمەندییەوە یادی رابەری كۆچكردو و دامەزرێنەری پارتی( مەلا مستەفا بارزانی نەمری) كردەوە لەگەڵ هاوەڵەكانی، كە خۆیان بەختكرد لەپێناو بزاوتی ئازادی گەلی كوردستان دژبە ستەم و ستەمكاری و دیكتاتۆری.
هاوكات ستایشی هەڵوێستە مێژوییە شەرافەتمەندەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، لە بەرامبەر پرسە نیشتمانی و چارەنوسازەكان لە وڵات و ناوچەكەداو، تێكۆشانی بەردەوامی لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیموكراتی و چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ بۆ گەلی كوردستان و سەرجەم عێراقییەكان و، پاراستنی ئەزمونی دیموكراتی و پاراستنی دەستكەوتە دەستورییەكان.
هەروەها سڵاوی شكۆمەندی لە گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەزاران سڵاو لە گیانی سەرجەم شەهیدانی عێراق كرد ئەوانەی گیانی خۆیان بەختكرد لەپێناو ئازادی و سەربەرزیدا.