بەغداد - INA
"عومەر بەرزنجی"بریكاری وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری هەمەلایەن و یاسایی،لە نووسینگەی خۆی لە وەزارەت، پێشوازی لە "تسوی وی "باڵیۆزی كۆماری چین لە عێراق كرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی بریكاری وەزارەتی دەرەوە لەڕاگەیەندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە، دەڵێت: لە میانی دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان عێراق و چین كرا و هەردوولا باسیان لە پرسەكانی پەیوەست بە كاندیدكردنی نوێنەرە نێودەوڵەتیەكان كرد، لەو ڕوانگەیەشەوە باڵیۆزی چین ، داوای پشتیوانی لە عێراق كرد لە كاندیدەكانی چین بۆ پڕكردنەوەی ژمارەیەك پۆست لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی پێداوە :- هەردوولا باسیان لە هەڵوێستی هەردوو وڵات كرد سەبارەت بە پرسی فەلەستین، هەروەك باڵیۆزی چین هەوڵەكانی حكومەتەكەی لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان بۆ پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین ڕوونكردەوە، لەلایەن خۆشیەوە"بەرزنجی" سوپاس باڵیۆزی چینی كرد بۆ ئەو هەوڵانەی كە چین دەیدات لە پشتیوانیكردن لە پرسە عەرەبییەكان ،بەتایبەتی پرسی فەلەستین.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە :-لەبارەی پرسی پشتیوانی یەكتر لە كاندیدەكان بۆ ڕێكخراوەنێودەوڵەتییەكان"بەرزنجی"ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەت لێكۆڵینەوە لە داواكاریەكەی لایەنی چینی دەكات لەبارەی پشتیوانی یەكتر لە كاندیدەكان و هەماهەنگی زیاتری یەكتر لە نێوان هەردوو وڵات.