بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆنگرەی گشتیی نیشتمانی كوردانی فەیلی، تەئكیدیكردەوە: ئەوەی لە كەرتی غەززە دەگوزەرێت، تەنیا ململانێیەكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو سەرتایە بۆ كارەساتێكی ناوچەیی.
كۆنگرەی گشتی نیشتمانی كوردانی فەیلی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتە خێرا و نائارامكەرەكانی ناوچەكە و بەتایبەت ڕووداوە خوێناوییەكانی كەرتی غەززە، كۆنگرەی گشتی نیشتمانی كوردانی فەیلی ناچارە بانگەوازێكی بەپەلە لە كارەساتێكی مرۆیی دەربكات كە هەڕەشەی تێكدانی هەموو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات تەنها ململانێیەكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو پێشەكییەكە بۆ كارەساتێكی ناوچەیی كە ڕەنگە شەڕێكی هەمەلایەنە هەڵگیرسێنێت كە ناتوانرێت پێشبینی لێكەوتە وێرانكەرەكانی بكرێت.
جەختیشیكردەوە: بەردەوامی هەڵكشانی سەربازی، بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان، تێكدانی ژێرخانی ئابووری و بە ئامانجگرتنی سەروەری وڵاتانی سەربەخۆ، نیشاندەری مەترسیدارن كە ناوچەكە بەرەو كۆتایی دەڕوات.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە كۆنگرەی گشتیی نیشتمانی كوردانی فەیلی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەرپرسیاری ئەم كارەساتە دەزانێت، داواش دەكات هەنگاوی خێرا و جددی بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە، و دابینكردنی پاراستن بۆ گەلی فەلەستین، و دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە كە مافە ڕەواكانی گەلی فەلەستین دەستەبەر بكات.