هەلێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ستیڤ بیتنەر كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا دۆخی سیاسی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكایان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا تاوتوێ كران.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا و دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی ستایشی كونسوڵی پێشووی ئەمریكای كرد بەوەی رۆڵی باشی بینیوە لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.
دواتر پیرۆزبایی لە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەپێناو سەركەوتن لە ئەركە نوێیەكەیدا.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم كرا و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرەنجامەكەی رەنگدانەوەی تەواوی خواست و ئیرادەی هاوڵاتییانی هەرێم بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، جەخت كرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەربكرێن.
لە تەوەرێكی دیكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا. لەمبارەیەوە هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنی زیاتر بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا.