بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكی ناوەندی چاودێری كۆبوونەوەیەكی كرد بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ناوەندی لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پارێزگاری بانكی ناوەندی عەلی موحسین عەلاق سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی ئامادەكاری كرد بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی ناوەندی لە عێراق، كە تیایدا ژمارەیەك بەرپرسی بانك و بەڕێوەبەرانی بانك و كۆمپانیاكانی دابینكەری خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیكترۆنی و كۆمەڵەی بانكە ئەهلیەكانی عێراق بەشداربوون.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەكۆبوونەوەكەدا گفتووگۆكرا لەبارەی گرنگی ڕێكخستنی ئۆپەراسیۆنەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی و پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و پیشەسازی پارەدانی كێبڕكێكەر كە خزمەتگوزاری پارەدانی پارێزراو و باوەڕپێكراو و دەستگەیشتن و كارپێكردنی هاوبەش دابین دەكات، وەڵامدانەوەی خێرا و نەرمی بەرز بۆ گۆڕانكارییە تەكنیكی و ڕێكخراوییەكان دابین دەكات.
بەیاننامەكە راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە ئامانجە بنەڕەتییەكانی كۆمپانیاكە و مەرجە تایبەتەكانی دەستپێكردنی دامەزراندنی كۆمپانیاكە كراوە، بەو پێیەی ئەركەكانی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی بەشێك لە سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی ناوەندی و بنەڕەتی لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ئەستۆ دەگرێت، و ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هەنگاوە لەگەڵ پلانی ستراتیژی ئەم بانكەدا یەكدەگرێتەوە، كە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی حكومەت لە بواری پارەدانی ئەلیكترۆنی و پەرەپێدانی لە عێراقدا.