هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و لیو جون كونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان، گفتووگۆیان كرد لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی بەرنامەی راهێنانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەكاندا.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە لیو جون، كونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەكاندا.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنج شەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حكومەتی چینی كرد كە لە ماوەكانی رابردوودا هاوكار بووە لەوەی فێرخوازان لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ بەشداربوون لە خولەكانی راهێنانی پیشەیی سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.
قوباد تاڵەبانی داواشیكرد پێكەوە كاربكەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامیدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی، تا لە داهاتوودا ژمارەیەكی زیاتر فێرخوازی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا و بە تایبەتیش لە بوارەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و ژینگە و گەشتوگوزاردا بەشداری بكەن لە خولەكانی راهێنانی پیشەیی وڵاتی چین، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت سودێكی زیاتر لە ئەزمونی دەوڵەمەندی گەشەسەندنی وڵاتی چین وەربگرێت.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی چین ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی بە فێرخوازانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی بەرنامەیەكی تایبەتی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم كە تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناكانی وەرزشوانانی كورد و لە ئێستادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ژمارەیەك لە وەرزشوانی كورد، بە تایبەتی لە بواری هونەرە جەنگییەكاندا، لە وڵاتی چین سەرقاڵی راهێنانن.
هاوكات ئاماژە بە پلانی بەشی وەرزشی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران كرا كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا تیمێك لە راهێنەرانی ئاست بەرزی وڵاتی چین لە بواری هونەرە جەنگییەكاندا بۆ كردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی بێنە هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەوە هەماهەنگی پێویست كرا.