قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

سیاسی
  • 5-08-2024, 17:25
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی شەنگال و دۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، ڕاگه‌یاندووه‌" لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کەئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لە بارەی دۆخی شەنگال و هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئەو ناوچەیە تا ئاوارەکان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
    لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت خەڵکی دەڤەرەکە بەشداربکرێن لە ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەی خۆیان و بە پێویستیشی زانی رێککەوتنێکی گشتگیر  بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دڵنیاکردنەوەی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان.
    روونیشی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی شەنگال بە شێوەیەک که لە بەرژەوەندی خەڵکی دەڤەرەکەدا بێت.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە عێراقییەکان بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە بکەن و پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان.