بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، چاودێری مەراسیمی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، چاودێری مەراسیمی واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی گشتگیری نەوتی نێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP)ی كرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی كەركوك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، لە لایەنی عێراقییەوە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت حەیان عەبدولغەنی، واژۆی لەسەر كردووە، لەلایەنی كۆمپانیای (BP) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە مورای ئۆچینكلۆس واژووی كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: یاداشتەكە بریتییە لە نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی چوار كێڵگەی كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوك، ئەوانیش كێڵگەی كەركوك بە دوو قوبەكەی (بابا و ئاڤانا)، كێڵگەی بای حەسەن، كێڵگەی جەمبور و كێڵگەی خەباز، هەروەها ئەگەری ڕێككەوتن لەسەر بوارەكانی تر یان بلۆكی گەڕان بە ڕێككەوتنی هەردوولا، لە ژێر ڕۆشنایی هەوڵی حكومەت بۆ وەبەرهێنان بە شێوەیەكی گونجاو لە دەرفەتە ئومێدبەخشەكان لە بواری وزە، بە ئامانجی زیادكردن و بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و وەبەرهێنانی غاز ، و وزەی خۆر لەم ناوچەیەدا.