هەولێر –INA
لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا وەك سەرۆككۆماری ئێران، مەسعود پزیشكیان پێشوازیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، لە كۆبوونەوەكەشدا نێچیرڤان بارزانی پزیشكیانی بانگهێشت كرد سەردانی هەولێر بكات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوە تێیدا هاتوو" لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا بۆ تاران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31/7/2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ
مەسعوود پزشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە".
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند "سەرۆككۆماری ئێران سوپاسی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونیدا كرد، هەروەها دووپاتی كردەوە ئێران لە هەموو بوارەكاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەكە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بانگهێشتەكەیانی كرد و دووپاتی كردەوە "هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و كار دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێراندا، هەورەها سەرۆك پزشكیانی بانگهێشتی هەولێر كرد لە كاتی سەردانی چاوەڕوانكراویدا بۆ بەغدا.''
بارزانی جەختی لەوەش كردەوە، هەرێمی كوردستان خوازیارە رێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە و زیاتر و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت، داكۆكی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان، هیچ كاتێك بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا كە شاندی یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادە بوو، هەردوولا ستایشی پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی ئێران و هەرێمی كوردستانیان كرد و، ئاماژەیان بە هاریكاریی ئەمنیی كارای ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كرد بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.