هەولێر -INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری كرد و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و تەواوكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری كرد و لە چوارچێوەی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆسەی یەكخستنەوەی رێكارە ژمێریاریی و داراییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق و وردبینی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم و بەهەند وەرگرتنی تێبینی و راسپاردەكانیان سەبارەت بە میلاك و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پشتبەست بە تۆماری بایۆمەتری بەڕێوەچوو، بە ئاراستەی لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێك لە بەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران.
پاش گفتۆگۆكردن لەسەر دواهەنگاوەكان و كاركردن و خستنەڕووی راسپاردەكانی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، كۆبوونەوەكە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەركردنی هەر تێبینییەكی تەكنیكی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر كردنی پرۆسەی تەمویل كردن و دابەشكرنی مووچە.
هاوكات لە كۆبوونەوەكە ئاماژە بەوەشدرا كە حكومەتی هەرێم شەفافانە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەكانی بایۆمەتری هەموو مانگێك لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی داهات وخەرجییەكان پێشكەش بە حكومەتی فیدڕاڵیی كردووە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەش مانگانە تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت و گرنگە ڕێگە نەدرێت هیچ بەربەستێكی تەكنیكی ڕێگر بێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لیژنەی باڵا هەموو وەزارەت و دامەزراوە و دەستە و فەرمانگەكان و یەكە ژمێریارییەكانی راسپارد كە؛ هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئامادەكردنی لیستی مووچە خێراتر و بێ كەم وكوڕی بێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا، هەر مووچەخۆرێك تۆمار نەكرابێت و گرفتی یاسایی نەبێت ئاسانكاری بۆ بكرێت بۆ تۆماركردن بەپێی رێكار و میكانیزمە كارپێكراوەكان.
لە كۆتایی كوبوونەوەكەش قسە لەسەر گرنگیی ژمارەی (كەسیی بێهاوتا UPN ) كرا كە تایبەتە بە هەر تۆماركراوێك و دەبێتە بناغەی هەموو مامەڵەیەكی حكومی بە مووچەشەوە.