هەولێَر-INA
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران تاوتوێ دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)نێردراوە تێیدا هاتووە"لە دووەم ڕۆژی سەردانیدا بۆ تاران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە".
هەر بە گوێرەی راگەیندراوەكە "لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی خرایە بەر باس و دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە".
سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی " جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان لەسەر ئاستی ناوچەكە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی بە پێویست زانی".
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا كە شاندی یاوەری سەرۆك شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆك، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئامادەی بوون، باس لە چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش كرا.