هەولێر -INA
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، لە ساڵیادی جێنۆسایدكردنی بارزانییەكان ڕایگەیاند، ئەنفالی بارزانییان وەك هەموو تاوانكارییەكانی دیكەی مێژوو، بۆ شكاندنی ئیرادەی گەلی ئازادیخوازی كوردستان بوو، بەڵام بووە پەڵەیەكی ڕەشە بە نەوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە" ئەمڕۆ لە یادی (41) ساڵەی ئەنفالكردنی بارزانییاندا، بە شكۆدارییەوە یادی هەشت هەزار گەنج و پیاو و پیری بارزانی دەكەینەوه كە 31ی تەممووز تا ناوەڕاستی ئابی 1983 لە هەڵمەتێكی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، لە كۆمەڵگە زۆرەملێكانی هەولێر بێسەروشوێن و كۆمەڵكوژ كران. دروود بۆ گیانی پاكیان، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەمیاندا دادەنوێنین، سڵاو لە خێزان و كەسوكاریان".
هەروەها ئەوەیش هاتووە كە " ئەنفالی بارزانییان وەك هەموو تاوانكارییەكانی دیكەی مێژوو، بۆ شكاندنی ئیرادەی گەلی ئازادیخوازی كوردستان بوو، بەڵام بووە پەڵەیەكی ڕەش بە نەوچەوانی ئەنجامدەرانییەوە. هێز و وگوڕ و تینی زیاتری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دا و دلێرانەتر ڕووبەڕووی ستەم و دكتاتۆری بووەوە".
هەروەها لە راگەیندراوەكەی سەرۆكی هەرێم ئەوەیش هاتووە كە وتی "دایكانی میهرەبانی بارزانی و بارزانییەكان بەگشتی لەگەڵ ئەنفالدا بەرگەی هەموو ئێش و ئازار و لێكەوتە خراپەكانی ئەو مەرگەساتەیان گرت و لەسەر پێی خۆیان وەستان. توانییان سەربەرزانە منداڵە بێنازەكانیان بەخێو و پەروەردە بكەن و نەوەیەكی دڵسۆز و لێهاتوو پێبگەیەنن. سڵاو لە هەموو ئەو دایك و هاوسەر و خوشكە شكۆمەندانەی لەو هەموو ئازار و دۆخە سەخت و دژوارەدا كۆڵیان نەدا، دەستیان ماچ دەكەم".
لە كۆتایی راگەیندراوەكەیدا رایگەیاند "سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو جوامێرانەی ئەو ڕۆژگارە سەختە، یارمەتیی لێقەوماوانی بارزانییان دا. خزمەت و دڵسۆزیی ئەوان هەرگیز لەبیر ناكرێت. لەم یادەدا دووپاتی دەكەینەوە كە كار و هەوڵمان بۆ ناساندنی ئەنفالی بارزانییان و كارەساتەكانی دیكەی گەلی كوردستان وەك جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت. جەخت لە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەییی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان و قەربووكردنەی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكەینەوە".