بەدواداچوون -INA
وڵاتانی جیهان دەبێ بە پێی بڕیاری ڕاوێژكاری دادگای نێودەوڵەتیی داد سەبارەت بە نایاسایی بوونی دامەزراندنی نیشتەجێبوون لە ناوچەكانی فەلەستین، بە پێوەندی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووری خۆیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیستیدا بچنەوە.
ئەمە لە راگەیندراوی ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، كە لەلایەن كۆمیساریای باڵای مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دابەشكراوە.
ڕۆژی ١٩ی یۆلۆ، دادگای نێودەوڵەتیی داد، بۆچوونێكی ڕاوێژكاری سەبارەت بە لێكەوتە یاساییەكانی داگیركاریی زایۆنیستەكان بۆ سەر خاكەكانی فەلەستین دەركرد، دادگا بەو ئەنجامە گەیشتووە كە چالاكییەكانی نیشتەجێبوونی زایۆنیستەكان پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و بە لكاندنی زەوییەكان دادەنرێتی بەڵگەنامەكە داوای لە ئیسرائیل كردووە كە كۆتایی بە چالاكییە نوێیەكانی نیشتەجێبوون لە ناوچە فەلەستینییەكان بهێنێت، هەروەها لە زووترین كاتدا كۆتایی بە ئامادەبوونی نایاسایی خۆی لەوێ بهێنێت، ئەمە جگە لەوەی قەرەبووی ئەو زیانانە بداتەوە كە لە ئەنجامی داگیركارییە نایاساییەكان تووشی بووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لە كاتێكدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستراتیژییەكانی دەستەبەركردنی خێرای كۆتاییهێنان بە داگیركارییە نایاساییەكان لەبەرچاو دەگرن، پێویستە وڵاتان دەستبەجێ پێداچوونەوە بە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەكان لەگەڵ ئەو قەوارەیەدا بكەن، لەوانە پەیوەندییە بازرگانی و داراییەكان، سندوقەكانی خانەنشینی ، ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕێكخراوە خێرخوازیەكان".
لە درێژەی راگەیندراوەكە هاتووە: دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەری لە 19ی تەمموز، ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنیی غەززە و سامانە سروشتییەكانی چڕتر كردەوە، پێویستە ئیسرائیل ئەم بۆچوونە ڕاوێژكارییە و بڕیارەكانی دیكەی دادگای نێودەوڵەتیی ئەمساڵ جێبەجێ بكات. ئیسرائیل دەبێت واز لە مامەڵەكردن بهێنێت وەك ئەوەی تەنیا بێت”.
سەرچاوە: ئاژانسەكان - RT