بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، راوێژكاری سەرۆك وەزیران تۆرهان موفتی، تەئكیدیكردەوە: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، قەیرانی كەركوكی شیكردەوەو گفتوگۆكان گۆڕدرا بۆ خاڵی كرداری، و وتیشی: دۆسیەكە بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دەڕوات، و ئەگەری ئەوە هەیە پۆستی پارێزگار لە نێوان پێكهاتەكاندا خولاو بێت.
موفتی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: كۆبوونەوەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پارێزگای كەركوك، ئەنجامی گرنگی لێكەوتەوە و گفتوگۆكانیان كردە كاغەزی كاركردن.
ئاماژەی بەوەشكرد: ماوەی حەوت مانگە قەیرانی پارێزگای كەركوك وەستاوە، ماوەی 20 ساڵە هیچ دانوستانێكی ڕاستەقینە لە پارێزگاكەدا نەكراوە، و جەختیشیكردەوە: دووەم پرۆسەی ماراسۆن بۆ پێكهێنانی حكومەت دوای ئەوەی سەرۆك وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكانی پارێزگا كۆبووەوە دەستیپێكرد.
ئاشكراشیكرد: پرسی پۆستەكان لە كەركوك پێویستی بە كات هەیە بۆ ئەوەی دوای پێگەیشتنی بیرۆكەكان چارەسەر بكرێت، لەگەڵ بوونی كۆدەنگی لە نێوان هەموو لایەنەكان دوای ئەوەی سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر خێراكردنی پێكهێنانی حكومەت كردەوە بە بەشداریی هەموو لایەك بە گوێرەی یاسا.
رونیشیكردەوە: خاڵێكی گرنگ لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، پۆستی پارێزگارە، لەگەڵ نەرمی نواندن بۆ پۆستەكانی دیكە، و وتیشی: لەماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا پۆستی پارێزگار یەكلایی دەكرێتەوە.
سەبارەت بە پشكی پۆستی پارێزگار، موفتی رایگەیاند: پێشبینی دەكرێت ئەو پۆستە بە خولاو لە نێوان كوتلەكان بێت، بەشێوەیەكی دوولایەنە لەنێوان كورد، بە نوێنەرایەتی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و عەرەب ، یان بە خولاوی سێ قۆڵی لە نێوان هەموو پێكهاتە سیاسییەكان، عەرەب و كورد و توركمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێكهاتەی عەرەبی، تەئكیدیكردەوە لە گرنگی تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی كۆدەنگی لە نێوان نوێنەرانی پێكهاتە براكانی پارێزگاكە و دڵنیابوون لە بەشداریكردنی كاریگەرانەی هەمووان و پەراوێز نەخستنی هیچ پێكهاتەیەك لە بڕیارداندا.