بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند: لیژنەی گەرەنتی سەروەری یاداشتێكی هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی گەرەنتی قەرزی دەرەكی ئیسپانیا واژۆ كرد.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لیژنەی گەرەنتی سەروەری بە سەرۆكایەتی محەمەد ساحب دەراجی ڕاوێژكاری تەكنیكی سەرۆك وەزیران، یاداشتێكی هاوكاری گرنگی لەگەڵ ڕێكخراوی گەرەنتی قەرزی دەرەكی ئیسپانیا واژۆ كرد بۆ دامەزراندنی هێڵی بەرهەمهێنانی پیشەسازی بە ڕەچەڵەك ئیسپانی لە عێراق لە ڕێگەی كەرتی تایبەتی عێراقەوە .
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم دەستپێشخەرییە لەگەڵ گەرەنتی سەروەری لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دێت بۆ بە نیشتمانیكردنی پیشەسازییەكانی دەرمان و خۆراك و بیناسازی لە عێراق.
رونیشیكردەوە: مەراسیمی واژۆكردنەكە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی كۆماری عێراق لە شانشینی ئیسپانیا ساڵح تەمیمی و ئەندامانی لیژنەی گەرەنتییە سەروەرییەكان و سەرۆكی یەكێتی پیشەسازییەكانی عێراق و نوێنەرانی ژوورە بازرگانییەكان لە عێراق، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی ژنانی بازرگانانی عێراق و ژمارەیەك كۆمپانیای عێراق بەڕێوەچوو.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، كە واژۆكردنی یاداشتی هاوكاری لەژێر ڕێنمایی سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە بووە، هەروەها دوای ئەو هەوڵە ماندوونەناسانەی باڵیۆزخانەی كۆماری عێراق لە مەدرید و باڵیۆزخانەی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق لە ڕێگەی پاشكۆی بازرگانییەوە، كە بریتی بوو لە ڕێكخستنی چەندین كۆبوونەوەی نێوان پسپۆڕانی عێراقی و ئیسپانی لە ماوەی ساڵێكدا.