سەرۆك كۆمار: ئاسایش و سەقامگیری عێراق مایەی گەشبینییە

سیاسی
  • 25-07-2024, 18:55
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، تەئكیدیكردەوە: ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی عێراق كە ئێستا بەخۆیەوە دەیبینێت، مایەی گەشبینییە و پێویستە هەمووان بیپارێزن بۆئەوەی بەردەوام بێت.
    فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەردانی باڵیۆزخانەی عیراقی كرد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و چاوی بە وەدیع بەتی و كارمەندانی باڵیۆزخانە كەوت.
    راشیگەیاند: لە سەرەتای دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار هەوڵەكانی ستافی باڵیۆزخانەی پەیوەست بە بەشداریی عێراق لە ئۆڵۆمپیادی پاریس و ئاسانكاری بۆ رێكارە پێویستەكان بەرزنرخاند، جەختی لە گرنگی ئاسانكاری زیاتریش كردەوە بۆ خزمەتكردنی رەوەندی عێراقی نیشتەجێی فەرەنسا و هەروەها بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ فەرەنسا وەك ناوەندێكی گرنگی جیهانی.
    هاوكات پەرۆشیی سەرۆكایەتی كۆماری بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی عێراق و بنیاتنانی هاوبەشی لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەكان و هەنگاونان بەئاراستەی رۆڵبینینی سروشتی خۆی وەك هێزێكی كاریگەر و خاوەن پێگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری، دوپاتكردەوە.
    هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە هەلومەرجی گشتیی عێراق كرد و رونیكردەوە: ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئێستا بەخۆیەوە دەبینێت، مایەی گەشبینییە و پێویستە هەمووان بیپارێزن بۆئەوەی بەردەوام بێت. 
    سەبارەت بە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤیش، سەرۆك كۆمار رونیكردەوە: لەڕێگەی هاریكاریی سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان چەندین هەنگاوی ئەرێنی لەمبارەیەوە بەدیهاتون و 13 هەزار راگیراو ئازادكراون، و ئاماژەی بەوەشكرد: یاسای ڕوون هەیە، كە هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرە مرۆییەكان رێكدەخات.
    لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی عێراق، رێنمایی و تێبینییەكانی  سەرۆك كۆماری لەپێناو بەهێزكردنی رۆڵی باڵیۆزخانە بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە رەوەندی عێراقی، بەرزنرخاند.