بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاڕاستە كرد، بە خێرایی بڕیارەكانی تایبەت بە ژنان جێبەجێ بكەن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ژنانی كرد، و تیایدا پێداچوونەوە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی پێشوودا كرا، هەروەك سەرۆك وەزیران رێنمایی كرد بۆ خێرا جێبەجێكردن و هەوڵدان سەبارەت بە هەموو بابەتێك كە بەرژەوەندییەكانی ژنان بەدەستبهێنێت و واقیعەكەیان لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێش ببات.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا سودانی تەئكیدیكردەوە: لەسەر گرنگی سێكتەرەكانی ژنان ، بەو پێیەی ئەمڕۆ ژنان نوێنەرایەتی زیاتر لە نیوەی كۆمەڵگا دەكەن، بەڵام لە زۆر ڕووەوە سنووردارن، ئەمەش وادەكات ئەنجومەن میكانیزمی كاركردنی خێرا دابڕێژێت بۆ بەرزكردنەوەی توانایان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەكان.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆبوونەوەكە شاهیدی تاوتوێكردنی بابەتەكانی ناو بەرنامەی كار بوو، كە تیایدا لۆگۆی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ژنان پەسەندكرا، هەروەها ڕەزامەندی درا بۆ دەستپێكردنی دەستپێشخەری (تیمی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراق)، بۆ پاڵپشتی و پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی لێهاتووییەكانی ژنانی گەنج لە چەندین بواردا، كە گرنگترینیان كۆمەڵایەتی و ئابوورین، لە ڕێگەی ئامادەكردنی بەرنامەی ڕاهێنانەوە پسپۆڕێك كە لەگەڵ پێداویستییەكانیان بگونجێت و تواناكانیان لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا بەرز بكاتەوە، بەو پێیەی نزیكەی (5000) ژنی گەنج لە هەموو پارێزگاكانەوە هەڵدەبژێردرێن، بە پێشكەشكردنی داواكاری لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تیمی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراق كە بەم زووانە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە ڕەزامەندی لەسەر بەستنی كۆڕبەندی دیالۆگی نیشتمانی ژنان درا سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی ژنان و گوێگرتن لە كێشە و پێداویستییەكانی ژنان لە بەغدا و پارێزگاكان، هەروەها پەسەندكردنی (بەرنامەی نیشتمانی ڕاهێنانی ژنان)، كە ئامانجی ڕاهێنانی ئەو ژنانەیە كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، وە ڕاهێنانەكە بریتییە لە بوارەكانی دیجیتاڵ ماركێتینگ، پارەدانی ئەلیكترۆنی، تەكنەلۆژیای زانیاری، زیرەكی دەستكرد، بەهێزكردنی ئابووری، بەڕێوەبردن، بازاڕگەری و فرۆشتن، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر دواخستنی وادەی ئەنجامدانی (كۆڕبەندی عێراقی-عەرەبی بۆ ژنان) بۆ ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە بەغدای پایتەخت.
بەیاننامەكە راشیگەیاند: ئەنجومەن بڕیاریدا میوانداری سەرۆكی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵ لە پەرلەمان و ژمارەیەك دادوەر بكات، بۆ تاوتوێكردنی یاسای باری كەسی لە دانیشتنی داهاتوودا، هەروەها میوانداری نوێنەری وەزارەتی تەندروستی بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر فۆرمێك كە لەلایەن وەزارەتەوە ئامادەكراوە، بۆ چارەسەركردنی ڕێژەی جیابوونەوە، و پێشكەشكردنی پشتگیری و ئامۆژگاری دەروونی.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەن بڕیاریدا بۆ ئەوەی ئەندامان تێبینی لەسەر یاسای توندوتیژی خێزانی پێشكەش بكەن، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەری لە دانیشتنی داهاتوودا، لەگەڵ وۆرك شۆپ كە دواتر بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێكردنی مادەكانی یاساكە، هەروەها ڕاسپاردنی وەزارەتی پەیوەندییەكان بۆ دامەزراندنی پلاتفۆرمی (چاوی ژنان) تایبەت بە ئەنجومەنی باڵای ژنان، هەروەها سەرۆك وەزیران ڕێنمایی كرد، كە ڕێژەی وەرگرتنی یارمەتی كۆمەڵایەتی ژنان لەبەرچاو بگیرێت و ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو بابەتە بگیرێتەبەر.
هەڵبژادەی نیشتمانی ماڵئاوایی لە كەندوای 26كرد