هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە وەفدێكی سەربازی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی برادلی كووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی تیرۆر و چۆنییەتی بەهێزتركردنی هەماهەنگی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی كوردستان تاوتوێ كران.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و لیوا روكن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەكانی ئەمریكای كرد كە بەردەوامن لە كاركردن لەگەڵ هێزەكانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەكانی تری كوردستان و لەم دوایانەدا پێكەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەركەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجام داوە.
لە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە گفتوگۆكرا، هەردوولاش هاوڕابوون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەكی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە، لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران جەختی كردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی كاركردنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەكەوە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەكی دیكەشەوە یارمەتیدەری حكومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەری خاكی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پرۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرا، و قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتكردەوە و هیوای خواست بە هاوكاری هاوپەیمانان هەنگاوەكانی چاكسازی بە شێوەیەكی خێراتر جێبەجێ بكرێن.
عامری سهردانی ناوچهی سنووری قائیم دهكات