قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی شەنگال لەگەڵ وەفدێكی ئەڵمانیا كۆبووەوە

سیاسی
  • 23-07-2024, 19:49
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەفدێكی ئەڵمانیا دۆخی ئاوارە ناوخۆییەكان بە تایبەتی ئاوارە ئێزدییەكانی تاوتوێكرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە وەفدێكی حكومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتی خاتوو لویس ئامستبێرگ، بەرپرسی كۆمسیۆنی فیدراڵی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ سیاسەتەكانی مافەكانی مرۆڤ و هاوكاریی مرۆیی و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی ئاوارە ناوخۆییەكان، بە تایبەتیش ئاوارە ئێزدییەكان.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمرۆ سێ شەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جەخت كرایەوە لە پاراستنی هەموو مافەكانی ئاوارەكان و بە تایبەتیش ئاوارە ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان. 
    لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەفدەكەی حكومەتی ئەڵمانیا هاوڕابوون كە هەموو لایەك بەیەكەوە كار بكەن لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەی شەنگال، تا ئاوارەكان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. 
    جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەموو پشتیوانییەكی خۆی دەربڕی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە و بە پێویستیشی زانی حكومەتی ئەڵمانیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە زیاتر رۆڵ ببینن.