بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەئكیدیكردەوە: پێشنیازی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی كە بڕیارە پەرلەمان لە دانیشتنی سبەینێ چوارشەممەدا خوێندنەوەی یەكەمی تەواو بكات، بەشێوەیەكی دەستووری بە پشتبەستن بە دەقی مادەی 41ی دەستوور خراوەتەڕوو.
ئەندامی لیژنەی یاسایی محەمەد خەفاجی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: پێشنیاری هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەگوێرەی مادەی (60) دووەم لە دەستوور خراوەتەڕوو و بەشێوەیەكی فەرمی خراوەتە بەردەم لیژنەی یاسایی، كە بۆچوونی خۆی لەسەر هەمواركردنەكە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشكرد: لیژنەكە لە رووی فەرمییەوە هیچ بەربەست و كێشەیەكی لەگەڵ یاساكەدا نەدۆزیوەتەوە، و دەتوانێت لە دانیشتنی داهاتوودا بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی، و وتیشی: یاساكە زۆر كاریگەرە و لە ئێستادا ڕێكارە دەستوری و یاساییەكانی پەیوەست بە یاسادانانی بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو دەڵێت: لیژنەی یاسایی هیچ پەیوەندییەكی فەرمی لە دەزگاكانی حكومەت یان دامەزراوە ئاینییەكانەوە وەرنەگرتووە كە یاساكە ڕەت بكاتەوە یان قبوڵ بكات، هەروەها بە پێی ڕێكارە یاساییە دەستوورییەكان بە پشتبەستن بە دەقی مادەی (41)ی دەستوور پێشكەش كراوە.
ئەندامی لیژنەی یاسایی محەمەد خەفاجی، ئاماژەی بەوەشدا: ئەستەمە یاساكە تێپەڕێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەموو تێبینیەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و تا دەگاتە دامەزراوە ئایینی و فیقهی و مەرجەعیەكان، و وتیشی: دەتوانرێت یاساكە ڕەتبكرێتەوە یان دوابخرێت لەڕێگەی میكانیزمی دەستوری و یاسایی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاسای پێشنیاركراوی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی ژمارە 188ی ساڵی 1959، مادەی (2) خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی خۆی بۆ سبەی چوارشەممە.