بەغدا-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،جەختی لە پێویستی ڕاگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان و فەلەستین و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەیی کردەوە،هاوکات "نەجیب میقاتی" سەرۆکوەزیرانی لوبنان بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیران کرد بۆ سەردانی لوبنان.
لە ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی تێیدا هاتووە:- "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکوەزیران پێشوازی لە "نەجیب میقاتی"سەرۆکوەزیرانی لوبنان و شاندی یاوەری کرد ، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا،دوای مەراسیمی پێشوازیی فەرمی کە لە کۆشکی حکومەت،نمایش و پشکنینی پاسەوانی شەرەف بەرێوەچوو بە لێدانی سروودی نیشتمانی و عێراق و لوبنان .
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە:- "سودانی" لە دانیشتنێکی دوو قۆڵیدا لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کرد،هەروەک گفتوگۆی لەسەر ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووری، و ڕێککەوتنی دوو قۆڵی سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی عێراق بۆ لوبنان کرا ، ئەوە جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان .
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :- جەخت لەوە کرایەوە کە هەوڵەکانی دەزگا حکومییەکان لە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی تەواوکردنی هاوتاکردنی بڕوانامە بۆ خوێندکارانی عێراقی، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی سەردەمی کۆرۆنا و گرفتی ئابووری کە بووبونە ئاستەنگ لە کارە ئیدارەییە گشتییەکان لە لوبنان.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :- هەڵوێستەکانی عێراق و لوبنان لە پابەندبوونی برایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەردوو گەلی برای کۆکردۆتەوە، هەروەها لەو ڕۆڵە بەرپرسیارانەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە عێراق سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە دەیگرێتەبەر،جەختیشیکردەوە لە پێویستی وەستاندنی دەستدرێژی دژی لوبنان و فەلەستین، و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان لە ئاستی ناوچەییدا و لە قورباندانی زیاتر و شەهیدانی بێتاوان.
لەدڕێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :- لای خۆیەوە "میقاتی" پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سودان و هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ لوبنان دەربڕی و بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی سەردانی لوبنان بکات، هەروەها هەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لە نزیکبوونەوە و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا، هەروەک جەختیشی کردەوە لە بەردەوامی کارکردن لەسەر ڕێککەوتنەکانی ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی و پتەوکردنی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت لە هەردوو وڵات، هەروەها دیراسەکردنی چەند پڕۆژەیەک کە بریتین لە دامەزراندنی شاری پیشەسازی عێراق لە لوبنان، و بوارەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو :- کە "سەرۆکوەزیرانی لوبنان" ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی هەوڵدەدات ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ عێراق لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بەهێزتر بکات، هەروەها گرنگی تەواوکردنی ئامادەکارییە دووقۆڵییەکان بۆ بانگهێشتکردنی لیژنەی ئابووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوودا.