مالیکی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا باس لە گفتوگۆ بەردەوامەکان دەکات سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی

سیاسی
  • 16-07-2024, 17:51
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، لەگەڵ ئالینا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، باسیان له‌گفتوگۆی بەردەوامی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد.
    لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا – کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە – ئاماژەی بەوە کردووە کە مالیکی پێشوازی لە ڕۆمانۆڤسکی کرد و لەگەڵیدا باسی له‌داهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەردەوامی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ كرد، هه‌روه‌ها گفتوگۆکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێگاکانی چارەسەرکردن و گەیشتن بە ڕێککەوتن و بارودۆخە ناوچەكه‌ بە گشتی خرانه‌به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌.
    مالیکی ئاماژەی بەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، وجەختی لەسەر پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ کاراکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوە ستراتیژی لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و ژینگەیی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت".
    لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە و جەختی له‌بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکارییە پێویستەکان بۆ عێراقییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی چوارچێوە ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتدا كرده‌وه‌".