هەولێر-INA
لەبارەی روبەروبونەوە تیرۆرستیەکەی قەرەهەنجیر کە کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش تێیدا شەهیدبوو و یەکێکی تریش برینداربوو"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئیدانەی ئەو کردەوەیە دەکات و دەڵێت: هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عیراق و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- بە داخێکی زۆرەوە لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکی دیکەش برینداربوو.
لەگەڵ ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هۆشیاری و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی ئاسایش و هەموو هێزە ئەمنییەکانی کوردستانەوە لە ئاستێکی زۆر باشدا توانراوە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر کوردستان و عێراق.
قوباد تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات :- هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا دواین تیرۆریست بە سزای خۆی دەگەیەنن.
هەروەک تاڵەبانی لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەهید "جوامێر رەشید " لە هێزەکانی ئاسایش دەکات وخۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت ولە خودای گەورە داواکارە روحی شەهید جوامێر بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ کارمەندە بریندارەکەی هێزەکانی ئاسایش دەخوازێت