فوئاد حسێن لەئەمریکا پرسە سیاسی و ئابووری و دارییەکان و دۆخی ناوچەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێدەکات

سیاسی
  • 12-07-2024, 15:00
  • +A -A

    بەغدا-INA
    "فوئاد حسێن"جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێ پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکات.
    لەبەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- "فواد حسێن "جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە لە واشنتۆن دی سی ،دیدارێکی گرنگی لەگەڵ "جۆن باس " جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کارگێڕی و سیاسی لە ئەنجامدا و لە میانی دیدارەکەدا ژمارەیەک مەلەفی  گرنگ و دوو قۆڵی و ناوچەیی تاوتوێکرد.
    وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە :-لەدیدارەکەدا "فوئاد حسێن" جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە،جەختی لەسەڕ گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لەبوارە جیاجیاکانکردەوە،هەروەک خواستی هاوبەشی بۆ فراوانکردنی هاوکاریی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەڕدوو وڵات دووپاتکردەوە،هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر چەند بابەتێک، لەوانە سندوقەکانی ئێران لە عێراق،لەو چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر پرسی پارەی ئێران لە عێراق و جەختی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و دادپەروەرانە کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بکات و سەقامگیری دارایی لە ناوچەکەدا بێنێتە ئاراوە.
    هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا"فوئاد حسێن " وەزیری دەرەوە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی غەززە و تێکچوونی بارودۆخی  شارەکە و ، هەروەها  ئەو  ململانێیەی کە لە باشووری لوبنان هەیە دەربڕی ،هەروەک تەئکیدی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی ئالۆزییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
    هەر لەدرێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە :- لەپرسی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان،پێداگیری  لەسەر بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کرایەوە ، لەو ڕوانگەیەشەوە "فوئاد حسێن" جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق کرد، لەگەڵ گرنگیدان بەو پرسانەی پەیوەست بە بەکارهێنانی دۆلار لە مامەڵە داراییەکاندا،لەوبارەیشەوە جەخت لە سەر پێویستی دۆزینەوەی ئەو چارەسەرانە کرایەوە کە سەقامگیری ئابووری عێراق بەرزبکەنەوە و بەشدار بێت لە گەیشتن بە گەشەی بەردەوام.