بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدی لە ڕەتكردنەوەی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر عێراق كردەوە، و هاوكات ڕێنمایی كرد كە شاندێك بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی عێراق بكرێت؛ بەمەبەستی پێداچوونەوە بە بارودۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان لیوا یەحیا رەسوڵ، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد، كە تیایدا گرنگترین پرس و پێشهاتە ئەمنییەكان تاوتوێ كرا، و هەروەها باس لە بابەتەكانی بەرنامەی كار كرا و بڕیار و ئاراستەی پێویست سەبارەت بەو بابەتە درا.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەنەكە باسی لە پرسی دەستێوەردان و پێشێلكارییەكان كرد كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەكاندا پراكتیزە دەكرێن، و جەخت كرایەوە لە رەتكردنەوەی لەشكركێشی و پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر زەوی عێراقییەكان، هەروەها پێویستە توركیا ڕەچاوی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش بكات و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات و هەماهەنگی لەگەڵدا بكات سەبارەت بە هەر بابەتێك كە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەبێت.
بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران رێنمایی داوە، شاندێك بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی عێراق بكرێت، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو لەسەر ئەم بابەتە كە كاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە.
رونیشیكردەوە: ئەنجومەنەكە داوای لە هەموو لایەنەكان و هێزە نیشتیمانییەكان كرد كە پاڵپشتی هەڵوێستی حكومەت بكەن لەم بابەتەدا، و هەڵوێستی عێراقی دووپاتكردەوە لەسەر بنەمای دەستور و یاسا، كە هێرشكردنە سەر زەویەكەی قەدەغە دەكات، یان بەكارهێنانی زەوی عێراقییەكان وەكو شوێنی هێرشكردنە سەر زەوی وڵاتانی دراوسێ.
ئاشكراشیكرد: ئەنجومەن بابەتەكانی دیكەی لە كارنامەی خۆیدا لەبەرچاو گرت و بڕیاری پێویستیش سەبارەت بەو بابەتە درا.