سەرۆك وەزیران ئاراستەی دامەزراندنی (پلاتفۆرمی خانەنشینی یەكگرتوو) و هەمەچەشنكردنی وەبەرهێنانەكانی سندوقی خانەنشینی دەكات

ناوخۆ
  • 10-07-2024, 19:24
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاڕاستەی دامەزراندنی (پلاتفۆرمی خانەنشینی یەكگرتوو) و هەمەچەشنكردنی وەبەرهێنانەكانی سندوقی خانەنشینی كرد.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆكی دەستەی خانەنشینی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنشینی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی بەدواداچوونی كارەكانی سندوقی خانەنشینی كرد.
    ئاماژەی بەوەشكرد: سودانی پێداچوونەوەی بەو لێكۆڵینەوەیەدا كرد كە لەلایەن تیمێكی تایبەتمەند لە ڕاوێژكارانەوە ئامادەكرابوو، سەبارەت بە كاری سندوقی خانەنشینی و گەیشتن بە دیدێكی یەكگرتوو، بۆ باشتركردنی واقیعی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن، لەڕووی دەستەبەركردنی بینای گونجاو و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بۆ سیستەمی ئەلیكترۆنی.
    سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: كە هاوڵاتیان هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەكەن تا ئەو ڕادەیەی خزمەتگوزارییەكان پێشكەشیان دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی كە چەندین ساڵیان لە كارەكەدا بەسەر بردووە و هاوكاری خانەنشینییان داوە ، كە پێویستی بە باشتركردنی ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە كە بۆ خانەنشینان دابین دەكرێن و ئازارەكانیان كەم دەكاتەوە، هەروەها دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی پارەی سندوقەكە.
    سودانی ڕێنمایی دەستەی بەڕێوەبەری سندوقی خانەنشینی كرد كە داوای هاوكاری لە كەسانی پسپۆڕ و ڕاوێژكاری پسپۆڕ لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنان بكەن و پلانێكی ستراتیژی ئامادە بكەن كە كار بۆ هەمەچەشنكردنی سەبەتەی وەبەرهێنانی سندوقەكە و ڕوونكردنەوەی هەلی وەبەرهێنانی بەردەست و گۆڕینیان دەكات بۆ پڕۆژەی قازانج بەخش، بە شێوەیەك كە دڵنیای بدات لە زیادكردنی داهاتی سندوقەكە و سوودمەندبوون لە ئەزموونەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو لەم ڕووەوە، هەروەها دابینكردنی كۆمەڵێك كارمەندی تایبەتمەند بۆ سندوقەكە.
    هەروەها ئاڕاستەی، ئامادەكردنی پلانی كاركردنی جێبەجێكاری كرد بۆ ئۆتۆماتیكیكردنی هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەش بە خانەنشینان و سودمەندان دەكرێت بەپێی خشتەی كاتی، هەروەها دروستكردنی (پلاتفۆرمی خانەنشینی یەكگرتوو) و پلاتفۆرمی لاوەكی بۆ هەموو وەزارەتەكانی دەوڵەت، بە ئامانجی تێپەڕاندنی رۆتین و بیرۆكراسی و ئاسانكاری بۆ تەواوكردنی ڕێكارە كارگێڕی و داراییەكان بۆ كۆكردنەوەی بەشدارییەكانی خانەنشینی، رەوانەكردنی بۆ خانەنشینی، تەواوكردنی پەیرەوی ناوخۆیی سندوقەكە، و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی یاسای خانەنشینی.