هەولێر - INA
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات هەرچی زووە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بكات.
نوسینگەی رایگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراێكدا كە بۆ ئاژانسی هەاڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان كە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.
هەر لە كۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریكاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور كرایەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن كە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەركارەكان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەكی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێككەوتن لە سەر داڕشتنی میكانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەكان تاوەكوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەكان هەموار دەكرێتەوە .
پاشان لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەدواداچوونی بۆ بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتیش موچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد كە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی تا ئێستا موچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەكردووە سەرەڕای ئەوەی كە لیستی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە پێشكەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ كراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی وردی خستەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ كرا و جەختكرایەوە لە بەردەوامی ئاسانكاریی وەزارەتەكان بۆ پرۆسەی وردبینی، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی كارەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان و ڕێكارەكانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ كرایەوە بە ڕەچاوكردنی دەسەڵاتە دەستووریەكان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دارایی.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای جەختكردنەوە لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەكانی هەرێم پابەندییەكانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەركی حكومەتی فیدڕاڵیشە كە شایستەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات هاوتای ناوچەكانی دیكەی عێراق و چیتر خەرجكردنی مووچە دوانەكەوێت .
هاوكات ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات هەرچی زووە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بكات . هەروەها داوا دەكات شایستەكانی دیكەی هەرێم لە تەرخانكراوەكانی تەشغیلی و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان خەرجبكات كە لە خشتە پەسەندكراوەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانكراوە كەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ هەرێم خەرج نەكردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی كوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی بە كاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەكان بە شێوەیەكی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە.