بەغدا-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرە"محمد شیاع سودانی" سەرۆك وەزیران،دەستخۆشی لە دەستەی حەج و ستافەکەی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لەوەرزی حەجی ئەمساڵ.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:-"محەمەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران پێشوازی لە سەرۆک و بەرپرسانی دەسەڵاتی باڵای حەج و عومرە کرد،بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەی کە لە هەڵمەتی حەجی ئەمساڵ بەدەستی هێناوە، و بردنەوەی خەڵاتی پێشبڕکێی گەورەی (لبیتم)، وەک باشترین نوێنەرایەتی کە لە خاکی پیرۆزدا کاردەکەن،بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "سودانی" پیرۆزبایی خۆی لە دەستە و کارمەندەکان و سەرجەم تیمەکانی کرد بۆ ئەو خەڵاتە بەرزەی بەدەستیان هێناوە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە:- بەدەستهێنانی خەڵاتی پلەی یەکەم، لەنێو وەفدەکانی حەج لە هەموو جیهانی ئیسلامییەوە، ئیرادەی ئەو تیمانە دەسەلمێنێت کە تێیدا کاردەکەن، و ئیرادەیان بۆ پاراستنی ئاستی ئەدای کارکردن و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، جەختیشی لەوە کردەوە کە خزمەتکردنی هاوڵاتیان شەرەفێکە لەئەرک و بەرپرسیاریەتیدا، و حکومەت ئامادەیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن بۆ ئەوەی لە ئاستی خواستەکانی هاوڵاتیاندا بێت.
هەر لەمیانی دیدارەکەدا "سەرۆک وەزیران، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی ورد بە سەرجەم کارەکاندا کردەوە،هەروەها چارەسەر کردنی هەر کەموکوڕییەک ئەگەر هەبێت، جا لە ئەنجامی هەڵەی کار یان ڕووداوی لاوەکی بێت.