بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی سەید عەممار حەكیم تەئكیدیكردەوە: كە لەگەڵ حكومەت كاردەكەن بۆ دانانی سنورێكی كاتیی واقیعی بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی كارەبا.
سەید حەكیم لە وتارێكیدا لە گردبوونەوەی ساڵانە بەبۆنەی سەرەتای مانگی پیرۆزی موحەڕەم لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: ئێمە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە قۆناغی بەرچاو و مەترسیدارمان تێپەڕاندووە لە چالاككردنەوە و پاككردنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، كە لە ڕێگەیەوە عێراقییەكان توانیان سیستەمێكی دیموكراسی فیدراڵی دابمەزرێنن كە لەگەڵ فرەچەشنی پێكهاتەكان بگونجێت كە تایبەتمەندی وڵاتەكەیان جیاوازە لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشدا: عێراقییەكان ڕووبەڕووی جۆرەها تەحەدای ئەمنی و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بوونەوە، بەڵام لە سایەی خودا و حیكمەتی مەرجەعیەتی رەشید و سەبر و خۆڕاگرییان، توانیان ئەو تەحەددایانە تێپەڕێنن و سەركەوتنی گەورە و دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنن.
سەید حەكیم ڕایگەیاند: عێراق ڕێگای ئاشتی و سەقامگیری هەڵبژاردووە و ڕێگە نادات ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەوانی تر، هەروەها ڕێگە نادات زیان بە سەروەری و بەرژەوەندی گەلەكەی بگەیەنرێت.
جەختیشیكردەوە: هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیی خۆمان بۆ حكومەتی سەرۆك وەزیران سودانی ڕاگەیاند بۆ هەنگاونان بۆ سەقامگیری وڵات و هێنانەدی شۆڕشێكی ڕاستەقینە بەرەو ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، تا ئێستاش پاڵپشتی هەموو هەوڵە باشەكان دەكەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
رونیشیكردەوە: گەلەكەمان هێشتا بەدەست قەیرانی كارەبا و كەمی ئاوی خواردنەوە و بەڵای ماددە هۆشبەرەكان لە نێو گەنجانمان و زیادبوونی مەترسی بێكاران لەناو دەرچواندا دەناڵێنێت، پێویستە هاوكاربین بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانە بەشێوەیەكی ڕیشەیی و سنوورێكی كاتیی دیاری بكەین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، لە پێش هەموویانەوە قەیرانی كارەبایە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە هەندێك بواردا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنان و باشتربوون هەیە، هەروەها میكانیزمی داهاتوو هەیە بۆ چارەسەری پێویست، بەڵام قەیرانەكە هێشتا ماوە و مەترسی خراپتربوونی هێشتا هەرەشە لە چارەسەری ڕیشەیی دەكات.
سەید حەكیم داوای لە هەموو هێزە سیاسییەكان و كەرتە كۆمەڵایەتییەكان كرد، پشتیوانی لە حكومەت بكەن لە ڕاگەیاندنی دۆخی هۆشداریی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی كارەبا بەشێوەیەكی ڕیشەیی و یەكلاكەرەوە، هەروەها ئەو بابەتەش تەنها لای حكوومەتی ئێستا ناوەستێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت تا ئەم قەیرانە كۆتایی پێدێت، ئێمە داوای پشتگیری كۆمەڵگا دەكەین بۆیە كێشەی كارەبا ئاڵۆزە و لە یەك لایەندا ناوەستێت.
سەید حەكیم لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئێمە بە سەختی لەگەڵ حكومەتدا كاردەكەین بۆ دانانی سنوورێكی كاتی ڕوون و ڕاستەقینە بۆ ڕاگەیاندنی كۆتایی هێنان بە قەیرانی خنكێنەری كارەبا كە كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی ئابووری و كشتوكاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و جوڵەی گەشەپێدان و بنیاتنانەوە لە وڵاتدا كردووە، پێویستە كاربكەین بۆ ئەوەی عێراق بگەیەنینە قۆناغی خۆبژێوی، بە ئیزنی خودا، چونكە ئەمە مەحاڵ نییە بۆ ئیرادە و دڵسۆزی و داهێنەری عێراقییەكان لە كار و ڕووبەڕووبوونەوەدا.