كەركوك - INA - مەهدی ربحاوی
ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك وردەكاری پلانی ئەمنی خۆی بۆ مانگی پیرۆزی موحەڕەم ڕاگەیاند، هاوكات تەئكیدی لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگاكە لە چوارچێوەی پلانەكەدا كردەوە.
وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك موقەدەم عامر شوانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بە هاوكاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی یەكگرتوویان داڕشتووە بۆ پاراستنی جێبەجێكردنی ڕێوڕەسمەكانی مانگی پیرۆزی موحەڕەم لە پارێزگاكە بە هەموو ناوچەكانی كەركوكەوە.
ئاشكراشیكرد: پلانەكە بریتییە لە پاراستنی 123 حوسێنیە و كاروانی سەردانكەران بە فەرماندەیی ئەفسەرانی پلە باڵا و بە بەشداری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان، جگە لە پاراستنی دەوروبەری شارەكە و ئەو ڕێگاوبانانەی كە كاروانەكانی سەردانكەران دەیگرنە بەر، و جێگیركردنی تەواو لەسەر ڕێگا سەرەكییەكان بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی ئەو كاروانانەی كە بەرەو پارێزگاكانی بەغدا و كەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف دەڕۆن، و ئاسانكاری تێپەڕاندنیان لە ڕێگەی كۆنتڕۆڵ و دەروازەی كەركوكەوە.
وتیشی: پلانەكە بریتیە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە لەلایەن لیواكانی فریاكەوتن و سوپاوە بۆ گەڕان لە ژمارەیەك ناوچە لە دەوروبەری شارەكە، پێنج گەڕەكی نیشتەجێبوون پشكنینیان بۆ كراوە و ژمارەیەك داواكراویش بەپێی زانیاریی جۆراوجۆر و بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراون.