بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە دادوەر عیماد جابری، دیارترین ئەو دۆسیانەی ئاشكراكرد كە سەردانی شاندی دادوەری بۆ ئازەربایجان شایەتحاڵی بوون.
جابری، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: سەردانی شاندی دادوەری بە سەرۆكایەتی فایق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ ئازەربایجان شایەتحاڵی گفتوگۆی پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییان و هاوكاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی تیرۆریستان بوو.
ئاماژەی بەوەشكرد: سیاسەتی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرانەوە لەگەڵ وڵاتان لەخۆدەگرێت بەمەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموونەكان و تەواوكردنی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان.
هەر لەوبارەیەوە سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەیس جەبر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: سەردانەكەی شاندی دادوەری عێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی دادگای باڵای ئازەربایجان بوو، كاتێكیش لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای ئازەربایجان كۆبووینەوە، زۆر بابەت تاوتوێ كرا، گرنگترینیان پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان و هاوكاری یەكتر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هەبوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: شاندەكە سەردانی دادگای دەستووری كرد و ئاگاداری كارەكانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری ئازەربایجان بوو و باسیان لە ئاسۆی هاوكاری نێوان هەردوو وڵات لە بواری دادوەریدا كرد.
ئاماژەی بەوەشدا: هیوادارە لە ماوەی داهاتوودا یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات لە بواری دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام بدرێت.
رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، فایق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای دادوەری گەیشتە كۆماری ئازەربایجان.