بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ستایشی پەیوەندی ئەرێنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستانی كرد.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-7-2024 لە كۆشكی بەغداد میوانداری كۆبونەوەیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، كە ژمارەیەك لە سەركردەی هێزە سیاسییەكان ئامادەیبون.
ئاشكراشیكرد: بەر لەو كۆبونەوە فراوانە، سەرۆك كۆمار دیدارێكی دووقۆڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامدا و بەگەرمی بەخێرهاتنی كرد بۆ بەغداد، هەروەها ئاماژەی كرد بۆ گرنگی سەردانەكەی لە پێشخستنی گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری. هاوكات هیوای خواست دەرئەنجامەكانی سەردانەكە خزمەت بە عێراقییەكان بكات.
هەر بەپێی بەیاننامەكە: لە میانی دیدارەكەدا، جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆی كارا و جددی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان كرایەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستور و یاسا، بەشێوەیەك كە مافەكانی هاووڵاتیان زامن بكات و ژیانێكی شكۆمەندانەیان بۆ مسۆگەربكات.
هەروەها جەخت لە گرنگی بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانی كرایەوە لەپێناو بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتیان و گرنگیدان بە باشتركردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەكان.
دواتر سەرۆك كۆمار میوانداری كۆبونەوەیەكی كرد لەگەڵ مەسعود بارزانی، كە ژمارەیەك لە سەركردەی هێزە سیاسییەكان ئامادەیبون.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك كۆمار ستایشی پەیوەندی ئەرێنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشچونی كرد، هیوای خواست هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەربكرێن بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە بودجەی دارایی و دەركردنی یاسای نەوت و غاز و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور.
هەروەك سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرنگی هاوئاهەنگی و راوێژی نێوان هێزە سیاسییەكان كرد سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەكان، لەوانە بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەروەها بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونامی) لە عێراق و داڕشتنی پەیوەندی نێوان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرەڕای دۆسێیەكانی پەیوەندی دەرەكی و پێشێلكارییە ئەمنییەكان و ئەو كارانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن.
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار دەربڕی بۆ پێشوازی گەرمی و ئاماژەی بەوەدا، كە ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغداد بەهێزكردنی پەیوەندی و هاریكاری نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.
بارزانی رونیكردەوە: پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان ئەرێنییە و بەئاراستەیەكی دروستدا دەڕوات، هەروەها جەختی لە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش بۆ یەكلاكردنەوەی سەرجەم دۆسیەكان لەپێناو بەدیهێنانی خواستی رۆڵەكانی گەل.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، كە هەر لە میانی كۆبونەوەكەدا، جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی شایستە نیشتمانییەكان كرایەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و بەهێزكردنی دامەزراوەی یاسادانان و رۆڵی گرنگی لە دەركردنی یاسا و پرۆسەی چاودێریكردن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، تیشكخرایەسەر بارودۆخی گشتی عێراق و پێشهاتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان، جگە لە پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهان و كاریگەرییەكانیان لەسەر وڵات، لەم چوارچێوەیەشدا گرنگی بەهێزكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان و كاركردن لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان، دوپاتكرایەوە.