عەبدوڵا: سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد بە ئامانجی كاراكردنی ڕێككەوتنەكان و یەكخستنی دیدگاكان بووە

سیاسی
  • 4-07-2024, 21:49
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، تەئكیدیكردەوە: كە سەردانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، بە ئامانجی چالاككردنی ڕێككەوتنەكان و بەرزكردنەوەی هاوكاری و یەكخستنی دیدگاكانی نێوان لایەنەكانی پرۆسەی سیاسی بووە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا لە زاری شاخەوان عەبدوڵاوە رایگەیاند: سەردانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، یەكەمجارە لە ماوەی 6 ساڵدا، ڕەهەندی ئەرێنی هەیە و بە ئامانجی كاراكردنی ڕێككەوتنەكان و بەرزكردنەوەی هاریكاری و یەكخستنی دیدگاكانی نێوان لایەنەكانی پرۆسەی سیاسی بووە.
    عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشكرد: بارزانی كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانییە، سەردانەكەی بۆ بەغدا زۆر گرنگە، هەروەها نەخشەڕێگایەك دادەنێت بۆ چارەسەركردنی دۆسیەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، جەختیشیكردەوە: بارزانی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كەسایەتییە نیشتمانیەكانی عێراق و نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی هەیە، دیدارەكانیشی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و بەرپرسانی باڵای دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی قۆناغێكی داهاتوو و هاوبەشی نیشتمانی.