بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ باڵیۆزی ئیمارات لە عێراق سالم عیسا زەعابی تاووتوێی پەرەپێدانی هاوكارییەكان لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و وزە و بازرگانی كرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازیكرد لە باڵیۆزی ئیمارات لە عێراق سالم عیسا زەعابی بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركی كاركردنی، و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە دیدارەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و ڕێگاكانی پتەوكردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاكان بەتایبەتی بوارەكانی ئابوری و وەبەرهێنان و وزە و بازرگانی تاوتوێ كرا، بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی هاوبەشی عێراق و ئیمارات بەدیبهێنێت.
بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ڕۆڵی زەعابی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیدا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكانی داهاتوویدا.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، لە بەرامبەردا زەعابی سڵاوی سەرۆكی دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، و جێگری سەرۆك و حاكمی ویلایەتی دوبەی شێخ محەمەد بن ڕاشید ئال مەكتوم، و جێگری سەرۆكی دەوڵەت شێخ مەنسور بن زاید ئال نەهیانی گەیاندە سەرۆك وەزیران، و جەختیكردەوە: لەسەر خواستی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی هاوكاری لەگەڵ عێراق لە هەموو ئاستەكاندا.