مەسرور بارزانی: رونكردنەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەدات

سیاسی
  • 3-07-2024, 16:29
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پێشوازی لە ڕوونكردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەكەم سەبارەت بە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان، وتیشی: دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات.
    سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: پێشوازی لە ڕوونكردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەكەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانكە حكومی و تایبەتەكان لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان، (هەژماری -من).
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وەك هەمیشە داكۆكیم كردووە، دەبێت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەمان مافی بەشەكانی دیكەی عێراقیان هەبێت لە هەڵبژاردنی بانكی دڵخوازی خۆیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان، بەو مەرجەی بانكەكان لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراق CBIiraq@ مۆڵەتیان پێبدرابێت و پەسەندكراوبن، و ڕوونكردنەوەكەی ئەمڕۆش ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەكاتەوە.
    مەسرور بارزانی دەڵێت: داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەم بە زووترین كات خۆیان تۆمار بكەن، و وتیشی: ئەم پێشكەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی (هەژماری من) خێراتر بكەین و بەڵێنەكەمان جێبەجێ بكەین كە تا كۆتایی ئەمساڵ، یەك ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانكی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و ڕێگە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی دیكە خۆش دەكات.