قوباد تاڵەبانی مۆزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی داعشی لە چەمچەماڵ كردەوە

ناوخۆ
  • 30-06-2024, 13:23
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    ئەمڕۆ یەك شەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ( ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە سەردانەكەیدا بۆ چەمچەماڵ بە یاوەری دكتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزیری ناوخۆ و قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری شەهیدانی چەمچەماڵ سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی كرد و بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لە مۆنۆمێنتەكە دانا.
    دواتر جێگری سەرۆك وەزیران مۆزەخانەی پێشمەرگەی شەهیدەكانی شەڕی داعشی كردەوە، كە مۆزەخانەكە بۆ رێزگرتن لە گیانفیدایی پێشمەرگە و پاراستنی بیرەوەرییەكانی شەهیدەكانی شەڕی دژ بە داعش دروست كراوە و جلوبەرگ و كەلوپەلە تایبەتەكانی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا هەڵگیراوە.
    قوباد تاڵەبانی لە كاتی سەردانەكەیدا ئاماژەی بە گرنگیی كردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە كرد و رایگەیاند: ئەم مۆزەخانەیە كارێكی بچوكە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتی شەهیدانی پێشمەرگە، چونكە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەندە گەورەیە كە دەبێت نەوە لە دوای نەوە چیرۆكی ئەم قارەمانانەی كورد لەڕێگەی فیلم و نووسین و كاری هونەرییەوە بۆ هەموو خەڵكی جیهانی بگێڕنەوە.