سەرۆك كۆمار ژمارەیەك یاسا پەسەند دەكات لەوانە خشتەی بودجەی 2024

ئابوری
  • 27-06-2024, 16:50
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ژمارەیەك یاسای پەسەند كرد، لەوانە خشتەی بودجەی ساڵی 2024.
    فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ژمارەیەك پرۆژە یاسای پەسند كرد، كە بریتین لە خشتەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2024، هەمواری یەكەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی، هەروەها یاسای درێژكردنەوەی كاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای رێكخستنی كرێ و مافی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ دەرچوانی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: دوای پەسندكردنی یاساكان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاودەكرێنەوە بۆئەوەی بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆكایەتی كۆمار دووپاتیكردرەوە: كە پشتیوانی لەو یاسایانە دەكات، كە لە بەرژەوەندی وڵات و هاووڵاتیاندایە ئەویش لەڕێگەی  پەسندكردنی ئەو یاسایانەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسندكراون، هەروەها لەڕێگەی پێشكەشكردنی پرۆژەیاساكان لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە بە ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی گفتوگۆكردن و پەسندكردنیان.