ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان: بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا

سیاسی
  • 26-06-2024, 20:01
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو باشتركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و دوایین پەرەسەندنەكانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد و هەروەها بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێك لەبارەی ڕەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەكانی وەزارەت بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارەیی كارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا خرایەڕوو.
    وەزیری كارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەكانی وەزارەتەكەی كرد بۆ زیاتركردنی بڕی كارەبای بەرهەمهێنراو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، ئەمەش ئەنجامی چاكسازییكردن لە سێكتەری كارەبا بووە.
    وەزیری كارەبای هەرێم باسی لە هۆكار و ئەگەرەكانی كەمی كارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا لە وەرزی هاویندا كرد و ئاماژەی بەوەدا كە خواستی كارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی كارەبا 3989 مێگاوات بووە كە دابەشكراوە بەسەر شارەكاندا و بە تێكڕا نزیكەی 13 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی دابینكراوە لەم مانگەدا، لە هەمانكاتدا وەزیری كارەبا هۆكارەكانی كەمی كارەبای خستەڕوو كە بریتین لە كەمی غازی سروشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی كارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا.
    لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا، وەزیری كارەبا چەند پێشنیارێكی خستەڕوو بۆ باشتركردنی ئەم خزمەتگوزارییە.
    هاوكات ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەكانی وەزارەتی كارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەكان كرد بۆ گرتنەبەری ڕێكاریی پێویست.
    لە تەوەرێكی دیكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی وەزیری كارەبای پەسەندكرد سەبارەت بە بڕیارێكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی %20ی پارەی كەڵەكەبووی كارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 ڕێژەی داشكاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت .
    بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێك لەلایەن پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی ، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێكارەكانی وەزارەت لەمبارەیەوە . هەروەها بابەتی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك لە حاجیانی هەرێمی كوردستان .
    وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم ئاماژەیدا بەوەی كە ژمارەی حاجیانی هەرێم 4685كەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و بەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە و بەدواداچوونی دابینكردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیكردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ، هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانكردبوو بۆ حاجیان.
    سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەك لە حاجیانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دڵگرانی و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بە بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینیشی ڕاسپارد كە بە هەماهەنگی وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆكارەكانی گیان لە دەستدانی ئەو حاجیانە بكۆڵنەوە و هەموو ڕێكارێك بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.
    هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی خستەڕوو سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی حاجیانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەویش لە ڕێگەی دابینكردنی ستافێكی تەندروستی لە پزیشكانی پسپۆڕ و كارمەندانی تەندروستی كە هاوسەفەری حاجیان بوون بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە حاجیان.
    لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوە ، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی كوردستان و ڕێكار و میكانیزمی جێبەجێكردنی پابەندییەكان لە بەرامبەر حكومەتی فیدراڵ كرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی و ردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم ، بەبانكیكردنی مووچە ، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەكگرتووی سەرجەم دامەزراوەكان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێكخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، كورتەیەكی دەربارەی دوایین پەرەسەندنەكانی بابەتەكانیان خستەڕوو .
    ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە: كە خوازیاری چارەسەركردنی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستانە، سەرجەم وەزارەتەكانیش ڕاسپێردران كە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاكی هەرێم لە كاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی كارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە. 
    سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەكانیش، داواكرا كە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین كات مووچەكانیان خەرج بكات بە تایبەتیش كە لە دوا هەنگاودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كردووە و هیچ بیانوویەك بۆ نەناردنی مووچەكانیان نەماوە، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد پەلە بكەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.
    لە كۆتاییدا سەبارەت بەدیاریكردنی ڕۆژی 2024/10/20 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێشوازیكردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیكردنەكەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا.