عەوادی: حكومەت ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیكردنی پێداویستیەكانی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

سیاسی
  • 26-06-2024, 19:49
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق باسم عەوادی، تەئكیدیكردەوە: حكومەت ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پشتگیریكردنی پێداویستیەكانی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
    عەوادی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكید لە پشتگیری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكاتەوە، هەروەها پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێم دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو.
    ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەت ئامادەیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ پاڵپشتیكردنی پێداویستییەكان بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە، هەروەها گرتنەبەری هەموو هەوڵێك بۆ بەرزكردنەوەی بەشداریی گەلی كوردمان و باقی پێكهاتە براكانی تر لە هەرێم لە هەڵبژاردندا، لەپێناو ئەوەی ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن گوزارشتی راستەقینە لە ئیرادەی گەلەكەمان بكات لە هەرێمی كوردستانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی بژاردەی ئازادو دیموكراتی گەل بكات لەپێناو بەهێزكردنی سەقامگیرو پەرەپێدان و بەدیهێنانی خواستەكانی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمدا.
    ئاشكراشیكرد: حكومەت جەخت لە پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكانی بوژاندنەوەی دیالۆگی نیشتمانی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانی هەرێم دەكاتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو رەوتانەی كە كاری نیشتمانی هاوبەش دەكەن لەژێر چەتری یاساو دەستورو ناسنامەی نیشتمانی لە عێراقەكەماندا، ئەمەش لەرێگای بەشداری ئەرێنی لە بنیادنانی دیموكراتی و بەهێزكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكانی تری وڵاتە ئازیزەكەماندا.