سەرۆک وەزیران لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا هاوکاری دوو قۆڵی و چالاککردنی ئەنجومەنی هاوبەشی ئاو تاوتوێ دەکات

سیاسی
  • 23-06-2024, 12:30
  • +A -A

    بەغدا-INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران، لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵەندا هاوکاری دوولایەنە و چالاککردنی ئەنجومەنی هاوبەشی ئاوی تاوتوێکرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:- ئەمڕۆ "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکی  کارکردنی لە عێراق پێشوازی لە یوهانس ساندی بالیۆزی هۆڵندا لە عێراق کرد .
    بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی دیدارەکەدا "سودانی " پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی باڵیۆزی هۆڵەندا لە ماوەی کارکردنی لە عێراق دەربڕی،و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوودا،هەروەک  هیوای بەردەوامی پێشکەوتن و گەشەسەندنی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات خواست
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە:- لە دیدارەکەدا  گفتوگۆ کرا لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی چەسپاندنی هاوبەشی و هاریکاری بنیاتنەر لە نێوان هەردوو وڵات، کە لە دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ هۆڵەندا لە مانگی شوباتی ڕابردوودا پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی،بەتایبەت دوای پێکهێنانی (ئەنجوومەنی عێراق- هۆڵەندا) بۆ هاوکاریی هەمەلایەنەی نێوان هەردوولا وڵات، کە چەندین لیژنە لە بوارە جیاوازەکاندا لقیان کردۆتەوە.
    لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە:- کە هەر لە دیدارەکەدا  گفتوگۆ لەسەر  کاری کۆمپانیا هۆڵەندیەکان کراوە لە عێراق، هەروەها ڕێکارەکانی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گونجاوی وەبەرهێنان بۆ کارکردن، لە ڕێگەی چەند ڕێکارێکەوە بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ کاری کۆمپانیاکان بە گشتی، هەروەک باسیان لە کاراکردنی ئەنجومەنی ئاوی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ،و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی کەمی ئاو کە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە رووبەرووی بونەتەوە.